ڕاگەیاندنى کەمپینى هاوپشتى لەگەل بزوتنەوەى کریکارى میسر

لە درێژەى شۆڕشێکدا کە دەسەڵاتى سەرکوتگەرى موبارەکى هەڵپێچا و زەربەیەکى
کاریگەرى لەو ڕژێمە وەشاند، ئیستا کۆمەڵگاى میسر مەیدانی کێشمەکێشێکى چینایەتى بەرجەستەیە
بە ئاقارى ئەوەى شۆڕش لە دژى برسێتى و هەژارى و ستەمى سیاسى و کۆمەڵایەتى، بەرەوپێش
بەرێت. مەجلسى عەسکەرى و هێزو لایەنە بورژوازیەکان بە هەموو توانایانەوە لە هەوڵى ئەوەدان
دەسەڵاتى سیاسى بورژوازى بۆ جارێکى تر سەقامگیربکەنەوەو چینى کرێکارو جەماوەرى بەشمەینەت
بەدەستى بەتاڵ بنێرنەوە بۆ ماڵەوە.

چینى کرێکارى میسر لەم چەند مانگەدا بۆ بەردەوامى دان بە ڕەوتى شۆڕش و بەرگرى
لە مافەکانى خۆى نەبەردێکى چینایەتى فراوانى بەڕێخستوە، ئەم چینە بەرژەوەندەیە چینایەتیەکانى
خۆى باشتر ناسیوە و لە رێگاى خەبات لەو پێناوەدا ئامادەیى خۆى بەرەو سەربردوەو هەنگاوى
عەمەلى لە ڕێگاى ڕێکخستنى ڕیزەکانى بەرەوپێش هەڵگرتووە. لەم ماوانەى دواییدا سەرەڕۆیى
مەجلسى عەسکەرى و حکومەتى تازەى بورژوازى میسر لە بەرانبەر ناڕەزایى و داواکاریەکانى
چینى کرێکارو جەماوەرى ستەمدیدە، لەوەش زیاتر هەوڵ و پەلەقاژەى بەردەوامیان بۆ دەمکوتکردنى
چینى کرێکارو پێخشاندن لە داخوازیەکانیان، توڕەیى و ناڕەزایەتى چینى کرێکارى بەرەو
سەر بردووە و دەستبردن بۆ شێوازى بەرزتر لە خەباتى خستۆتە دەستورى ئەم چینەوە.

ئەم ماوانە جموجۆڵێکى بەرچاو لە نێو هەڵسوڕان و ڕابەرانى چینى کرێکاردا بەڕێکەوتوە
بۆ بەرپاکردنى مانگرتی فراوان لەسەراسەرى میسردا لە دەورى خواستە سەرەتاییەکانى
ئەم چینە. ئەم ڕۆژانە ئامادەکاری بۆ بەرپاکردنى مانگرتنی فراوان لە بەشێک لە
دامەزراوەو کەرتەکاندا دەکرێت لە ڕۆژی 10ى سەپتەمبەردا. لە بەرانبەردا مەجلسى عەسکەرى
و حکومەت لە درێژەى پەنابردنیان بۆ سەرکوت، لە بەیانێکى رەسمى هاوبەشدا بە هەڕەشەى
گرتن و سەرکوتکردن وەڵامى هەوڵى کرێکارانیان بۆ مانگرتن داوەتەوە.

لەم نەبەردە چینایەتیەى کە ئێستا لە کۆمەڵگاى میسردا بەڕێکەوتووە، ئێمە کەمپینێک
بۆ ڕاکیشانى پشتیوانی جیهانى لە بزوتنەوەى کرێکاریى میسر ڕادەگەیەنین. ئامانجى ئەم
کەمپینە بەدەستهێنانى پشتیوانیەکى جیهانى فراوانە لە بزوتنەوەى کرێکاریى و داخوازیەکانیان،
هاوکات فشارهێنانە بۆ مەجلسى عەسکەرى و حکومەتى میسر تا مل بۆ داخوازیەکانى کرێکاران
دانەوێنن، هەروەها بەرپەرچدانەوەیەکى جیهانى لە دژى هەر هێرشێکى سەرکوتگەرانە کە مەجلسى
عەسکەرى و حکومەتى میسر هەڕەشەى بۆ دەکەن.

لەم پێناوەدا بانگەوازى بزووتنەوەى کرێکاریى جیهان، هەموو ڕێکخراوەو یەکیتییە
کرێکاریەکان، هەموو حیزب و رێکخراوەو بزوتنەوە سۆسیالیستى و کرێکاریەکان، سەرجەم بزوتنەوەو
لایەنەکانى لایەنگر لە ئازادى و عەدالەت و مافە ئینسانیەکان دەکەین، کە دەنگى خۆیان
بۆ هاوپشتى لەگەڵ بزوتنەوەى کرێکاریى و وەستانەوە دژى هەڕەشەکانى مەجلسى عەسکەرى و
حکومەت هەڵبڕن. بە دەربڕینى هاوپشتى لەگەڵ بزوتنەوەى کرێکاریى و مەحکومکردنى هەڕەشەو
سەرکوتگەر بورژوازى دەورى خۆیان بگێڕن لەسەرخستنى ناڕەزایەتى کرێکاران و بەدەستهێنانى
خواستەکانیان.

کەمپینى هاوپشتى لەگەڵ بزوتنەوەى کرێکارى میسر، هەوڵدەدات لە هەموو بوارێکدا،
بە ڕاکیشانى ڕاى گشتى جیهانى بۆ ئەم هاوپشتیە، بە پەردەهەلماڵین لەسەر سیاسەتى سەرکوتگەرانەى
بورژوازى و ڕیسواکردنى لە ئاستى ڕاى گشتیدا، بە بەرێخستنى حەرەکەتى عەمەلى بۆ پشتیوانی کردنی
جوڵانەوەی کرێکاریی و فشاردانانى ڕاستەوخۆ لەسەر دەسەڵاتى بورژوازى میسر…..پشت و پەنایەکى نێونەتەوەیى
بۆ بزوتنەوەى کرێکارىی و مانگرتنى گشتى لە میسردا پێکبهینێت.

ڕێبوار ئەحمەد، فاتح شێخ، فارس مەحمود و شەماڵ علی

‏08‏.09‏.2011

Leave a comment